< حزقیێل 25 >

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 1
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە، 2
بە عەمۆنییەکان بڵێ:”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت’هۆیها!‘لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران، 3
لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە. 4
ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 5
یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت، 6
لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“» 7
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن،’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘ 8
هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێت‌یەشیمۆت و بەعل‌مەعۆن و قیریاتەیم. 9
مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت. 10
مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“» 11
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە، 12
هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی. 13
بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“» 14
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی، 15
هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم. 16
تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“» 17

< حزقیێل 25 >