< حزقیێل 2 >

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.» 1
کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم. 2
پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە. 3
ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“ 4
هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە. 5
بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە. 6
هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن. 7
ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.» 8
کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە. 9
لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون. 10

< حزقیێل 2 >