< حزقیێل 19 >

«تۆش بۆ میرانی ئیسرائیل بلاوێنەوە و 1
بڵێ: «”دایکت چ شێرێک بوو لەناو شێران! لەنێو جوانە شێران پاڵی دایەوە و بەچکەکانی خۆی بەخێو کرد. 2
یەکێک لە بەچکەکانی خۆی پێگەیاند، بوو بە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد. 3
کە نەتەوەکان هەواڵیان بیست، چاڵیان بۆ هەڵکەند و گرتیان، بۆ خاکی میسر بە تەوق هێنایان. 4
«”کاتێک دایکەکە بینی کە ئاواتەکەی نەهاتە دی، ئیتر ئومێد بڕ بوو، هات و یەکێکی دیکەی لە بەچکەکانی گرت و کردی بە شێرێکی بە توانا. 5
لەنێو شێران کەوتە هاتوچۆ، چونکە بووە شێرێکی بە توانا. فێری ڕاوکردنی نێچیر بوو، مرۆڤیشی خوارد. 6
قەڵاکانی ئەوانی تێکشکاندن و شارۆچکەکانی کاول کردن، خاکەکە و هەرچی تێیدایە لەبەر دەنگی نەڕەی تۆقین. 7
نەتەوەکان لە هەرێمەکانی دەوروبەری لە دژی کۆبوونەوە. تۆڕیان هەڵدایە سەری، ئەویش کەوتە چاڵەکەیانەوە. 8
بە تەوقەوە خستیانە ناو قەفەزەوە، هێنایانە لای پاشای بابل. بردیانە ناو زیندان، تاکو ئیتر لەسەر چیاکانی ئیسرائیل نەڕەی نەبیسترێت. 9
«”دایکت وەک دار مێوێک بوو لە ڕەزەکەی تۆدا، کە لەدەم ئاو چێنرا. لەبەر زۆری ئاو، چڕ و بەردار بوو. 10
لقی بەهێزی هەبوو، کە گونجاوە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان. باڵای کرد و هەڵکشا بەناو لقە پڕگەڵاکاندا، لە بەرزی و زۆری چڵەکانی دەرکەوت و بینرا. 11
بەڵام بە ڕق و قینەوە هەڵکێشرا و فڕێدرایە سەر زەوی. بای ڕۆژهەڵات لێیدا و وشکی کرد، بەرەکەی هەڵوەراند، لقە بەهێزەکانی وشک بوون و ئاگر هەڵیانیلووشی. 12
ئێستا وا لە چۆڵەوانیدا چێنراوە، لە خاکێکی وشک و تینوودا. 13
لە یەکێک لە لقە گەورەکانییەوە ئاگری گرت و بەرەکەی هەڵلووشی. ئێستا هیچ لقێکی بەهێزی نەماوە کە بۆ داردەستی فەرمانڕەوایان گونجاو بێت.“ئەمە لاوانەوەیە و لە کاتی شینگێڕان دەگوترێتەوە.» 14

< حزقیێل 19 >