< حزقیێل 14 >

چەند پیاوێک لە پیرەکانی ئیسرائیل هاتنە لام و لەبەردەمم دانیشتن. 1
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پیاوانە لە دڵەوە بتپەرستی دەکەن و کۆسپی تاوانکارییان لەبەردەمی خۆیان داناوە، جا ئایا لەلایەن ئەوانەوە هیچ پرسێکم پێ بکرێت؟ 3
لەبەر ئەوە قسەیان لەگەڵ بکە و پێیان بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرکەسێک لە بنەماڵەی ئیسرائیل لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەر ڕووی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە، ئەوا من کە یەزدانم بەگوێرەی دڵسۆزییە زۆرەکەی بۆ بتەکانی وەڵامی دەدەمەوە. 4
وا دەکەم بۆ ئەوەی دەست بەسەر دڵی بنەماڵەی ئیسرائیلدا بگرمەوە، چونکە هەموویان لەبەر بتەکانیان لە من هەڵگەڕانەوە.“ 5
«لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆبە بکەن! لە بتەکانتان بگەڕێنەوە و ڕووتان لە هەموو نەریتە قێزەونەکانتان وەربگێڕن. 6
«”ئەگەر هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل یان لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن لە من دووربکەوێتەوە و لە دڵەوە بتپەرستی بکات و کۆسپی تاوانکاری لەبەردەمی خۆی دابنێت، ئینجا بێتە لای پێغەمبەرەکە هەتا پرس بە من بکات، من کە یەزدانم خۆم وەڵامی دەدەمەوە. 7
ڕووی خۆم لەو کەسە وەردەگێڕم و دەیکەمە نیشانە و پەند. لەنێو گەلەکەم ڕیشەکێشی دەکەم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 8
«”ئەگەر پێغەمبەرەکە بە فریودراوی قسەیەکی کرد، من کە یەزدانم ئەو پێغەمبەرەم فریوداوە و دەستی بۆ درێژ دەکەم و لەنێو گەلەکەم دەیفەوتێنم. 9
تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت، تاوانی پێغەمبەرەکەش وەک تاوانی داواکارەکە دەبێت. 10
ئیتر جارێکی دیکە بنەماڵەی ئیسرائیل نە لە من گومڕا دەبن و نە دەگەڕێنەوە سەر هیچ لە یاخیبوونەکانیان و نە ئیتر گڵاو دەبن، بەڵکو دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“» 11
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 12
«ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەگەر هەر خاکێک دەرحەق بە من گوناه بکات، بەوەی ناپاکییەکم لەگەڵ بکات، منیش دەستم درێژ کردە سەری و نانیم بڕی و قاتوقڕیم ناردە سەری، مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، 13
هەرچەندە ئەم سێ پیاوەشی تێدابێت، نوح و دانیال و ئەیوب، ئەوان بە ڕاستودروستی تەنها خۆیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 14
«ئەگەر گیانلەبەری دڕندە بەناو خاکەکەدا ڕەت بکەم و وەجاخکوێری بکەن و بەهۆی گیانلەبەرەکانەوە ببێتە چۆڵەوانی بەبێ ڕێبوار، 15
بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لەناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها فریای خۆیان دەکەون و خاکەکەش دەبێتە چۆڵەوانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 16
«یان ئەگەر شمشێرم هێنایە سەر ئەو خاکە و فەرمووم:”با شمشێر بەناو ئەم خاکەدا تێبپەڕێت،“ئیتر مرۆڤ و ئاژەڵم لێی ڕیشەکێش کرد، 17
بە گیانی خۆم، تەنانەت ئەگەر ئەم سێ پیاوەش لەناوەڕاستیدا بێت، ئەوا فریای کوڕ و کچیان ناکەون، تەنها خۆیان دەرباز دەکەن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 18
«یان ئەگەر دەردم ناردە سەر ئەو خاکە و بە خوێن تووڕەیی خۆم لێی دەربڕی، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە، 19
ئەگەر نوح و دانیال و ئەیوبیش لەناوەڕاستی بوون، بە گیانی خۆم، ئەوان فریای کوڕ و کچێکیش ناکەون، بەڵکو بە ڕاستودروستییەکەیان فریای خۆیان دەکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 20
«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی چەند زیاتر، ئەگەر چوار حوکمە توندەکانم بنێرمە سەر ئۆرشەلیم، شمشێر و قاتوقڕی و گیانلەبەری دڕندە و دەرد، هەتا مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ببڕمەوە. 21
بەڵام هەندێکیان ماونەتەوە و دەربازبوون، کوڕان و کچان کە لە شارەکەوە دەردەهێنرێن. ئەوەتا بۆ لاتان دێنە دەرەوە و ئێوەش تەماشای ڕەفتار و کردەوەیان دەکەن و دڵنەوایی دەکرێن لەبەر ئەو بەڵایەی بەسەر ئۆرشەلیمم هێنا. 22
کە ڕەفتار و کردەوەی خراپیان دەبینن، ئەوا دڵنەوایی خۆتان دەکەن، چونکە ئەو کاتە دەزانن کە من بەبێ هۆ هەموو ئەوانەم تێیدا نەکرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.» 23

< حزقیێل 14 >