< دەرچوون 20 >

خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو: 1
«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە. 2
«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت. 3
پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. 4
کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 5
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن. 6
ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆپاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن. 7
ڕۆژی شەممەتان لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. 8
شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 9
بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 10
چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەمدا پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد. 11
ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات. 12
مەکوژن. 13
داوێنپیسی مەکەن. 14
دزی مەکەن. 15
بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن. 16
چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.» 17
کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 18
بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.» 19
موساش بە گەلی گوت: «مەترسن. خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.» 20
گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، کە خودای لێ بوو. 21
یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت:”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام. 22
هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن. 23
«”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم. 24
ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت. 25
بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“ 26

< دەرچوون 20 >