< دواوتار 6 >

ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، 1
هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت. 2
جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 3
ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، 4
جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ. 5
با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و 6
بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، 7
وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و 8
لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن. 9
کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە، 10
ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون، 11
جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان. 12
لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن. 13
بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن، 14
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارە لەنێوتان، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات. 15
یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە. 16
بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون. 17
ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 18
کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی. 19
ئەگەر لە داهاتوودا منداڵەکانتان لێیان پرسین و گوتیان: «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟» 20
بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و 21
یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و 22
لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو. 23
جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ، 24
ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.» 25

< دواوتار 6 >