< ئامۆس 9 >

پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی: «لە سەری کۆڵەکەکان بدە هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە، بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم. کەسیان لێ هەڵنایەت و کەسیشیان لێ دەرباز نابێت. 1
ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن، لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛ ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون، لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛ (Sheol h7585) 2
ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە، لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛ ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە، لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات. 3
ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران، لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت. «چاوەکانم دەبڕمە سەریان بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.» 4
یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار، ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن، هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر دادەکشێت. 5
ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت، ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت، ناوی یەزدانە. 6
«ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان نین؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و فەلەستییەکان لە کریتەوە و ئارامییەکان لە قییرەوە؟ 7
«بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن. لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی، بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 8
«من فەرمان دەدەم و لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم، وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی. 9
هەموو گوناهبارانی گەلەکەم بە شمشێر دەکوژرێن، هەموو ئەوانەی دەڵێن:”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“ 10
«لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە. شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە، 11
تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات. 12
یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو. چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە. 13
ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە. «شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن. ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە، باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن. 14
لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم، هەرگیز لەو خاکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.» یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت. 15

< ئامۆس 9 >