< ئامۆس 8 >

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. 1
جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟» منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.» ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم! 2
«لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 3
ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە، هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن، گوێتان لەمە بێت: 4
ئێوە دەڵێن، «کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین، کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت، تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟» بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و نرخ زیاد بکەن و فێڵ لە تەرازوو بکەن، 5
بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و نەداران بە جووتێک پێڵاو و بن بێژنگی گەنم بفرۆشن. 6
یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم. 7
«ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟ هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت، وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.» 8
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم. 9
جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە. جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم. دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.» 10
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە، نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو، بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان. 11
جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن، بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن، بەڵام نایدۆزنەوە. 12
لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە. 13
ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و دەڵێن:”ئەی دان، بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“و”بەو ڕێگایەی بیری شابەع کە زیندووە…“جا دەکەون و ئیتر هەڵناستنەوە.» 14

< ئامۆس 8 >