< ئامۆس 6 >

ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن، ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین، ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان! 1
بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن، لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن. ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟ یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟ 2
ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە، 3
لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون. ئێوە بەرخی ناو ڕان و جوانەگای قەڵەو دەخۆن. 4
لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن. 5
بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن، بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن. 6
لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت. 7
یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و ڕقم لە قەڵاکانییەتی، ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.» 8
وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. 9
ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک تاوەکو بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.» 10
لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات، لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات، ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات. 11
ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟ یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟ بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت. 12
ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن، دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟» 13
یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا تەنگتان پێهەڵچنن.» 14

< ئامۆس 6 >