کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. | 1 |
لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. | 2 |
ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. | 3 |
لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە. بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە ئۆرشەلیم. | 4 |
کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان هەتا دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەناراوەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. | 5 |
پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان. | 6 |
لە سورەوە بەردەوام بووین لە گەشتەکەمان و گەیشتینە پتولمایس، لەوێ سڵاومان لە خوشک و برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. | 7 |
بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە، لەلای ماینەوە. | 8 |
فیلیپۆس چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد. | 9 |
کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. | 10 |
هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ:”ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لە ئۆرشەلیم دەبەستنەوە و دەیدەنە دەست ناجولەکەکان.“» | 11 |
کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. | 12 |
بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» | 13 |
کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.» | 14 |
دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. | 15 |
هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە. | 16 |
کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین. | 17 |
ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب، هەموو پیرانیش ئامادەبوون. | 18 |
پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو ناجولەکەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەیەوە کردوویەتی. | 19 |
کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن. | 20 |
ئاگادار کراونەتەوە کە تۆ هەموو جولەکەکانی نێو نەتەوەکان فێری هەڵگەڕانەوە لە تەوراتی موسا دەکەیت و پێیان دەڵێی منداڵەکانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین. | 21 |
کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت، | 22 |
جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە، | 23 |
بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە و تۆش بەپێی تەورات دەڕۆیت. | 24 |
دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.» | 25 |
بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان ڕێوڕەسمی پاکبوونەوەی ئەنجام دا، پاشان چووە ناو پەرستگا بۆ ئەوەی کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە ڕابگەیەنێت و بۆ هەر یەکێکیشیان قوربانیی بکات. | 26 |
کاتێک حەوت ڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان، | 27 |
هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوەتە ناو پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کردووە!» | 28 |
لەبەر ئەوەی تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایاندەزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە ناو پەرستگا. | 29 |
ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران. | 30 |
کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە. | 31 |
یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کاتێک فەرماندە و سەربازەکانیان بینی، لە لێدانی پۆڵس وەستان. | 32 |
ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە. | 33 |
بەڵام خەڵکەکە هەندێکیان بە دەنگی بەرز شتێکیان دەگوت و هەندێکی دیکەشیان شتێکی دیکە. ئینجا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە. | 34 |
کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت، | 35 |
چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!» | 36 |
پێش ئەوەی پۆڵس بگەیەنرێتە ناو سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟ | 37 |
تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟» | 38 |
پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.» | 39 |
دوای ئەوەی کە فەرماندەکە ڕێگای قسەکردنی بە پۆڵس دا، لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا و بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی: | 40 |