< دووەم پوختەی مێژوو 18 >

یەهۆشافات دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەحاڤ ژنوژنخوازی کرد. 1
دوای چەند ساڵێک چوو بۆ لای ئەحاڤ لە سامیرە. ئەحاڤیش مەڕ و مانگای زۆری بۆ ئەو و بۆ ئەو خەڵکەش کە لەگەڵیدا بوون سەربڕی و هانی دا پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدات. 2
ئەحاڤ پاشای ئیسرائیل پرسیاری لە یەهۆشافاتی پاشای یەهودا کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد؟» یەهۆشافاتیش وەڵامی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت، لەگەڵتداین بۆ جەنگ.» 3
بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.» 4
ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» 5
بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟» 6
پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پێغەمبەرێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.» یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.» 7
لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!» 8
لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو و هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو لەسەر جۆخینەکەی لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. 9
سدقیای کوڕی کەنعەنا کە دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا لەناو دەچن.“» 10
هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد و گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.» 11
ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.» 12
بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی خودا پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.» 13
کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟» ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، دەدرێتە دەستتان.» 14
پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟» 15
ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی:”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“» 16
پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟» 17
میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون. 18
یەزدان فەرمووی:”کێ ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“«یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. 19
ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی:”من فریوی دەدەم.“«یەزدانیش لێی پرسی:”بە چی؟“ 20
«ئەویش گوتی:”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“«یەزدانیش پێی فەرموو:”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“ 21
«ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی خستووەتە ناو دەمی پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.» 22
ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟» 23
میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.» 24
ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببەن و بیگەڕێننەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا، 25
پێیان بڵێن:”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“» 26
میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!» 27
ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد. 28
پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە. 29
پاشای ئارام فەرمانی بە فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.» 30
کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» گەڕانەوە بۆ ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام یەهۆشافات هاواری کرد و یەزدانیش یارمەتی دا و ئەوانی لێ دوورخستەوە. 31
کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا. 32
پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و پاشای ئیسرائیلی لە درزی نێو بەشەکانی زرێیەکەیەوە پێکا، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.» 33
لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، هەتا ئێوارە پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، کاتی خۆر ئاوابوون مرد. 34

< دووەم پوختەی مێژوو 18 >