< یەکەم تیمۆساوس 2 >

بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، 1
بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە بژین. 2
ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، 3
ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بەرەو ناسینی ڕاستی بێن، 4
چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، 5
ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش لە کاتی گونجاو بوو. 6
بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان. 7
جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن و بێ تووڕەیی و مشتومڕ دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە. 8
ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 9
بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات. 10
ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 11
ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت، بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت، 12
چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 13
هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 14
بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە. 15

< یەکەم تیمۆساوس 2 >