< یەکەم ساموئێل 4 >

ئیتر پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت. ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق. 1
ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا. 2
ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.» 3
جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون. 4
ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند. 5
فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟» جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە، 6
فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە. 7
قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد. 8
فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!» 9
ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران. 10
سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران. 11
پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 12
هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە. 13
عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟» ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند. 14
عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 15
پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.» عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟» 16
هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.» 17
جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. 18
بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 19
لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا. 20
منداڵەکەشی ناونا ئیخاڤۆد و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا»، لەبەر بردنی سندوقی خودا و مردنی خەزوور و مێردەکەی. 21
هەروەها گوتیشی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.» 22

< یەکەم ساموئێل 4 >