< یەکەم ساموئێل 31 >

فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. 1
فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. 2
جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان. 3
شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. 4
کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد. 5
لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن. 6
کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون، بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون. 7
بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە، لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. 8
ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان. 9
ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێت‌شانەوە هەڵواسی. 10
کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 11
هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن، لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێت‌شانەوە برد و هێنایانە یاڤێش، لەوێ سووتاندیان و 12
ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان. حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون. 13

< یەکەم ساموئێل 31 >