< یەکەم ساموئێل 21 >

داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟» 1
داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم:”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“سەبارەت بە پیاوەکانیشم، شوێنێکم بۆ دیاری کردوون بۆ ئەوەی لەوێ چاویان پێم بکەوێت. 2
ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.» 3
کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان.» 4
داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟» 5
لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە. 6
لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو. 7
ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، چونکە ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.» 8
کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.» داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.» 9
هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت. 10
خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت: «”شاول هەزارانی کوشت و داودیش دەیان هەزار“؟» 11
داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا، 12
لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە. 13
ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟ 14
ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟» 15

< یەکەم ساموئێل 21 >