< یەکەم پوختەی مێژوو 20 >

لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. 1
داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 2
ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم. 3
پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان. 4
جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئێلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو. 5
دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتە بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. 6
کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی. 7
ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران. 8

< یەکەم پوختەی مێژوو 20 >