< زەبوورەکان 85 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. ئەی یەزدان، تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت، دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە. 1
لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت، هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە. 2
هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە، لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە. 3
ئەی خودای ڕزگاریمان، بمانگەڕێنەوە، تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە. 4
ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟ نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟ 5
ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە، بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟ 6
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە، ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە. 7
ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت، گوێی لێ دەگرم، چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بۆ خۆشەویستانی، بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی. 8
بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن، بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت. 9
خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون، ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن. 10
ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت. 11
هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات. 12
ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات، ڕێگای بۆ خۆش دەکات. 13

< زەبوورەکان 85 >