< زەبوورەکان 67 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک. با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات، ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە، 1
تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت، ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان. 2
ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن، با هەموو گەلان ستایشت بکەن. 3
با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن، چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت. 4
ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن، با هەموو گەلان ستایشت بکەن. 5
ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات، خودا، خودای من، بەرەکەتدارمان دەکات. 6
خودا بەرەکەتدارمان دەکات، سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن. 7

< زەبوورەکان 67 >