< زەبوورەکان 65 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک. ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە، نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین. 1
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت، هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت. 2
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو، تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد. 3
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین! تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت، لە پەرستگای پیرۆزی تۆ. 4
بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە، ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن، 5
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە، بە توانا خۆتت چەکدار کردووە، 6
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە، هەڵچوونی شەپۆلەکانیان، هەروەها ئاژاوەی گەلان. 7
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەترسن. لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران، گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت. 8
بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت، زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت، جۆگەکانی خودا پڕ ئاون، دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت، چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە. 9
هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و تەخت و ڕێکیان دەکەیت، بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت. 10
بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت. 11
لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن، ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە. 12
مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن، دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان، لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن. 13

< زەبوورەکان 65 >