< زەبوورەکان 64 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە. ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە، ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە. 1
لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە، لە کۆمەڵی خراپەکاران. 2
کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە، قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە. 3
لە بۆسەکانیانەوە تیر لە کەسی بێ کەموکوڕی دەگرن، لەناکاو تێی دەگرن و ناترسن. 4
بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن، دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن، دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟» 5
تەگبیر بۆ تاوان دەکەن، دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!» بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە. 6
بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت، لەناکاو برینداریان دەکات. 7
زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان، هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات. 8
هەموو ئادەمیزاد دەترسن، کاری خودا ڕادەگەیەنن و بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی. 9
با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و پەنا ببەنە بەر ئەو، با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن! 10

< زەبوورەکان 64 >