< زەبوورەکان 63 >

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو. ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت، گیانم تینووی تۆیە، جەستەم شەیدای تۆیە، لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو. 1
لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە. 2
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە، لێوەکانم ستایشت دەکەن. 3
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم، بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە. 4
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ و چەوری، بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات. 5
لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم، بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە، 6
چونکە تۆ هاریکارم بوویت، لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم. 7
گیانم بە تۆوە بەندە، دەستی ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت. 8
بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن، بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە. 9
ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و دەبن بە خۆراکی چەقەڵ. 10
بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت، هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن، چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت. 11

< زەبوورەکان 63 >