< زەبوورەکان 58 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود. ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟ ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟ 1
بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن، هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات. 2
بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان، لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن. 3
ژەهریان وەک ژەهری مارە، وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە، 4
کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت، هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن. 5
ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە، ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە! 6
با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن، با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن. 7
وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات، وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن. 8
پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن، چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت. 9
کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت، پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا. 10
ئینجا خەڵکی دەڵێن: «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە، بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.» 11

< زەبوورەکان 58 >