< زەبوورەکان 46 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت. خودا پەناگا و هێزمانە، لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت. 1
بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت، ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە، 2
ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات، چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. 3
ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات، ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە. 4
خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت، لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت. 5
نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون، خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە. 6
یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. 7
وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن، ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە. 8
جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان، کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات، گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت. 9
«هێوربنەوە، بزانن کە من خودام، لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە، لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.» 10
یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە، خودای یاقوب پەناگامانە. 11

< زەبوورەکان 46 >