< زەبوورەکان 24 >

زەبوورێکی داود. زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە، جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین، 1
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە. 2
کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟ کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟ 3
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت، ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و بە درۆ سوێند نەخوات. 4
لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت، لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن. 5
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت، ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب. 6
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە، هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 7
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە، یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ. 8
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن! ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە! هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە. 9
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟ یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە. 10

< زەبوورەکان 24 >