< زەبوورەکان 20 >

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود. با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت، با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت. 1
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات. 2
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات. 3
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت. 4
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە. با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت. 5
ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی ڕزگار دەکات، لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت، بە توانای ڕزگاریی دەستی ڕاستی. 6
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ، بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین. 7
ئەوان چەمانەوە و کەوتن، بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین. 8
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە! کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە! 9

< زەبوورەکان 20 >