< زەبوورەکان 146 >

هەلیلویا! ئەی گیانی من ستایشی یەزدان بکە. 1
هەتا لە ژیاندام ستایشی یەزدان دەکەم، هەتا ماوم مۆسیقا بۆ خودای خۆم دەژەنم. 2
نە پشت بە میرەکان ببەستن، نە بە ئادەمیزاد کە ڕزگارییان لەلا نییە. 3
کە ڕۆحی دەرچوو بۆ خۆڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، لە هەمان ڕۆژدا پلانەکانی دەسڕێتەوە. 4
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی کە خودای یاقوب یارمەتیدەری بێت و هیوای بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بێت، 5
دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە، ئەوەی هەتاهەتایە دڵسۆز دەمێنێتەوە. 6
دادپەروەری بۆ زۆرلێکراوان بەڕێوە دەبات، نان دەداتە برسییەکان. یەزدان گیراوەکان ئازاد دەکات، 7
یەزدان چاوی کوێرەکان دەکاتەوە، یەزدان کەسە چەماوەکان ڕاست دەکاتەوە، یەزدان ڕاستودروستانی خۆشدەوێت. 8
یەزدان نامۆکان دەپارێزێت، یارمەتی هەتیو و بێوەژنان دەدات، بەڵام ڕێگای بەدکاران خوار دەکات. 9
یەزدان هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات، ئەی سییۆن، ئەو خودای تۆیە بۆ هەموو نەوەکانت. هەلیلویا. 10

< زەبوورەکان 146 >