< زەبوورەکان 122 >

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود. شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم، «با بچینە ماڵی یەزدان.» 1
ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان لە دەروازەکانت ڕادەوەستن. 2
ئۆرشەلیم بنیاد نراوە، وەک شارێکی یەکگرتوو. 3
لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون، هۆزەکانی یەزدان، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن بەگوێرەی ئەو یاسایەی کە بۆ ئیسرائیل دانراوە. 4
لەبەر ئەوەی تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت، تەختەکانی بنەماڵەی داود. 5
داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم: «با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن. 6
با ئاشتی لە شووراکانت بێت، ئاسایش لە قەڵاکانت.» 7
لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم داوای ئاشتیت بۆ دەکەم. 8
لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان، بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم. 9

< زەبوورەکان 122 >