< زەبوورەکان 115 >

بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت. 1
بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟» 2
خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات. 3
بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. 4
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، 5
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، 6
دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. 7
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن. 8
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 9
ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 10
ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. 11
یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت. 12
بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش. 13
با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان. 14
با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی. 15
ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. 16
نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی، 17
بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە. هەلیلویا! 18

< زەبوورەکان 115 >