< پەندەکانی سلێمان 31 >

قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد: 1
گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم! گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم! 2
هێزت مەدە ژنان، ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان. 3
ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە، بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن، بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن، 4
نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن، مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن. 5
ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت، شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە. 6
با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات، ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد. 7
بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن، بۆ مافی هەموو دەربەدەران. 8
دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە، پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە. 9
کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟ نرخی لە یاقووت گرانترە. 10
مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و لە هیچی کەم نابێت. 11
ژنەکە بە درێژایی ژیانی چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە. 12
خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت، بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات. 13
وەک کەشتی بازرگان وایە، خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت. 14
هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت، خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات. 15
لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت، بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت. 16
ناوقەدی توند دەبەستێت و بازووی لێ هەڵدەکات. 17
دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە، بە شەو چرای ناکوژێتەوە. 18
خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و تەشی لەناو لەپیدایە. 19
دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و دەست درێژ دەکات بۆ نەداران. 20
ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر، چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە. 21
چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات، کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات. 22
مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە، لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت. 23
ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت، پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات. 24
هێز و ڕێز بەرگی ئەون، پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە. 25
دەمی بە دانایی دەکاتەوە و فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی. 26
چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات، نانی تەمبەڵی ناخوات. 27
منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن، مێردەکەشی ستایشی دەکات: 28
«زۆر ژن خانەدان بوونە، بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.» 29
شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە، بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت. 30
ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن. 31

< پەندەکانی سلێمان 31 >