< مەتا 21 >

کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و 1
پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. 2
ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.» 3
ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ: 4
[بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.] 5
قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. 6
ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. 7
خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. 8
ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» «[پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!]» «هۆسانا بۆ خودا!» 9
کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟» 10
خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.» 11
عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. 12
پێی فەرموون: «نووسراوە، [ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،] بەڵام ئێوە دەیکەنە [ئەشکەوتی دزان!]» 13
نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە. 14
بەڵام کاتێک کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش کە لە حەوشەکانی پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» تووڕە بوون و 15
لێیان پرسی: «گوێت لێیە ئەو منداڵانە چی دەڵێن؟» عیساش پێی فەرموون: «بەڵێ، ئەی قەت نەتانخوێندووەتەوە: «[لە زاری منداڵان و شیرەخۆرانەوە ستایشت بۆ خۆت داڕشتووە]؟» 16
ئەوسا بەجێی هێشتن و چووە دەرەوەی شار، بەرەو گوندی بێت‌عەنیا بەڕێکەوت و شەو لەوێ مایەوە. 17
بەیانی زوو کە عیسا دەگەڕایەوە شار، برسی بوو. 18
دار هەنجیرێکی لەسەر ڕێگاکە بینی و چووە لای، بەڵام لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز بەر نەگریت!» دەستبەجێ دارەکە وشک بوو. (aiōn g165) 19
کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەرسام بوون و گوتیان: «چۆن دەستبەجێ دار هەنجیرەکە وشک بوو؟» 20
عیساش وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن،”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“وا دەبێت. 21
جا هەرچی لە نوێژدا بە باوەڕەوە داوای بکەن، وەریدەگرن.» 22
کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟» 23
عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 24
لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین،”لە ئاسمانەوە بوو،“دەڵێت،”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 25
ئەگەریش بڵێین،”لە مرۆڤەوە بوو،“لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.» 26
ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.» ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.» 27
ئینجا عیسا فەرمووی: «ڕاتان چییە؟ پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و گوتی:”کوڕم ئەمڕۆ بڕۆ لە ڕەزەکەدا کار بکە.“ 28
«ئەویش وەڵامی دایەوە:”ناچم.“بەڵام پاشان پەشیمان بووەوە و چوو. 29
«ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕەکەی دیکەی و هەمان قسەی کرد. وەڵامی دایەوە:”بەسەرچاو، گەورەم!“بەڵام نەچوو. 30
«ئایا کام لەم دووانە بە خواستی باوکیان کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان.» عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: باجگران و لەشفرۆشان لە چوونە ناو شانشینی خودا پێشتان دەکەون، 31
چونکە یەحیا هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات بەڵام ئێوە باوەڕتان پێی نەکرد، بەڵام باجگران و لەشفرۆشان باوەڕیان پێی کرد. پاشان کە بینیشتان، هەر تۆبەتان نەکرد و باوەڕتان پێی نەکرد.» 32
«گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن زەوییەک هەبوو ڕەزێکی چاند و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکۆڵی و قوللەیەکی چاودێری بنیاد نا. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. 33
کاتێک وەرزی بەرهەم نزیک بووەوە، خزمەتکارەکانی ناردە لای ڕەزەوانەکان تاکو بەرهەمەکەی وەربگرن. 34
«ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، لە یەکێکیان دا و یەکێکیان کوشت و ئەوی دیکەشیان بەردباران کرد. 35
دیسان خزمەتکاری زیاتری لەوانەی پێشوو نارد، ڕەزەوانەکان هەمان شتیان لەوانیش کرد. 36
لە کۆتاییدا کوڕەکەی بۆ لایان نارد و گوتی:”ڕێزی کوڕەکەم دەگرن.“ 37
«بەڵام ڕەزەوانەکان کە کوڕەکەیان بینی لەناو خۆیاندا گوتیان:”ئەمە میراتگرەکەیە. با بیکوژین و دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین.“ 38
ئینجا گرتیان و فڕێیان دایە دەرەوەی ڕەزەکە و کوشتیان. 39
«کاتێک خاوەنی ڕەزەکە دێت، چی لەم ڕەزەوانانە دەکات؟» 40
وەڵامیان دایەوە: «ئەو خراپەکارانە بە خراپی لەناودەبات و ڕەزەکەش دەداتە دەست ڕەزەوانانی دیکە، ئەوانەی لە وەرزی خۆی بەرهەمی دەدەنێ.» 41
عیسا پێی فەرموون: «ئایا هەرگیز لە نووسراوە پیرۆزەکان نەتانخوێندووەتەوە: «[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە، ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە]؟ 42
«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: شانشینی خوداتان لێ دەسەنرێتەوە و دەدرێتە نەتەوەیەک کە بەرهەم دەدات. 43
ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت وردوخاشی دەکات.» 44
کاتێک کاهینانی باڵا و فەریسییەکان نموونەکانیان بیست، زانییان باسی ئەوان دەکات. 45
لەبەر ئەوە دەیانویست بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە ترسان، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا. 46

< مەتا 21 >