< یەشوع 20 >

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 1
«بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ:”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون، 2
هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر. 3
با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت. 4
ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە. 5
ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت، هەتا مردنی سەرۆکی کاهین لەو سەردەمەدایە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“» 6
جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا. 7
هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە. 8
ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی. 9

< یەشوع 20 >