< ئەیوب 28 >

زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی. 1
ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد. 2
مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن. 3
کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا. 4
زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛ 5
بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە. 6
ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت. 7
ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە. 8
مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات. 9
لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت. 10
ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی. 11
بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 12
مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە. 13
قووڵایی ژێر زەوی دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.» 14
دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت. 15
نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت. 16
نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە. 17
لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە. 18
یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت. 19
ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟ 20
لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە. 21
لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.» 22
خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت. 23
لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت. 24
کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا، 25
کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا، 26
ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە. 27
بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.» 28

< ئەیوب 28 >