< ئەیوب 16 >

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: 1
«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە، هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن! 2
ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟ یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟ 3
منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد، ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛ قسەم بۆ دەگێڕانەوە و سەرم لە ئاستتان دەلەقاند. 4
بەڵام بە دەم هانم دەدان و جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن. 5
«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە، ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە. 6
ئەی خودایە، بێگومان تۆ بێزارت کردووم، هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە. 7
سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت، لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات. 8
تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە، ددانەکانی لێم جیڕکردەوە، دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم. 9
خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم، بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام، پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم. 10
خودا منی دایە دەست زۆردار و فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە. 11
من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم، پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم. منی کرد بە نیشانی خۆی؛ 12
تیرهاوێژەکانی دەوریان دام. جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا، زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت. 13
جار لەدوای جار شەقم دەکات، وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم. 14
«جلوبەرگی گوشم بە پێستمەوە دووری و خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد. 15
دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات. 16
لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و نوێژەکەم بێگەردە. 17
«ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە، با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم! 18
ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە، پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە، 19
ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات. کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن، 20
ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە، وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی. 21
«تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت، لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە. 22

< ئەیوب 16 >