< ئەیوب 12 >

ئەیوبیش وەڵامی دایەوە: 1
«ڕاستە ئێوە گەلێکن، بە مردنتان داناییش دەمرێت، 2
بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە، من لە ئێوە کەمتر نیم. ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟ 3
«لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە، بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم، هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی! 4
کەسێکی دڵنیا گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات. 5
چادری تێکدەران ئارامە و ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن، بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن. 6
«بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن، هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛ 7
یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات، ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن. 8
کام لەمانە نازانێت کە دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟ 9
ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟ 10
ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟ 11
لە ڕیش سپیێتی دانایی و لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن. 12
«دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە، ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون. 13
ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە، ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە. 14
ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت، بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات. 15
هێز و دانایی لەلای ئەوە، چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون. 16
ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات، دادوەران تووشی شێتی دەکات. 17
کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە. 18
کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و پتەوەکان سەرەوژێر دەکات. 19
ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات، ژیری لە پیران دەستێنێتەوە. 20
سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە. 21
قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات. 22
نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات، نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات. 23
مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات. 24
لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە، وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون. 25

< ئەیوب 12 >