< ئەیوب 11 >

چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە: 1
«ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین، یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟ 2
ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات، یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟ 3
بە خودا دەڵێیت”باوەڕم بێگەردە و من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“ 4
بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و 5
نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد، چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە، جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت. 6
«ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟ ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟ 7
ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت، لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟ (Sheol h7585) 8
پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و لە دەریاش پانترە. 9
«ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟ 10
بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟ 11
بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت. 12
«ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە، 13
ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت، 14
ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و چەسپاو دەبیت و ناترسیت. 15
چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە. 16
ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت. 17
دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە، دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت. 18
خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە. 19
بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛ ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.» 20

< ئەیوب 11 >