< یەرمیا 33 >

یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: 1
«یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: 2
”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ 3
یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر 4
لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا. 5
«”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. 6
یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. 7
پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. 8
جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“ 9
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئێوە سەبارەت بەم شوێنەی دەڵێن،’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘هەرچەندە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، 10
بەڵام لەوێ دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن: «”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن، چونکە یەزدان چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“ 11
«یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. 12
لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.“ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.» 13
یەزدان دەفەرموێت: «”ڕۆژێک دێت، ئەو بەڵێنە چاکە دەهێنمە دی کە سەبارەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا فەرمووبووم. 14
«”لەو سەردەمەدا و لەو کاتەدا لقێکی ڕاستودروست بۆ داود دەردەکەم، جا ڕاستودروستی و دادپەروەری لەسەر زەوی پەیڕەو دەکات. 15
لەو ڕۆژانەدا یەهودا ڕزگاری دەبێت و ئۆرشەلیم بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت. ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت: یەزدان ڕاستودروستیمانە.“ 16
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”پیاو لە داود نابڕێت بۆ دانیشتن لەسەر تەختی بنەماڵەی ئیسرائیل. 17
لە کاهینە لێڤییەکانیش پیاو نابڕێت لەبەردەمم بۆ بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن، سووتاندنی پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ئامادەکردنی قوربانی سەربڕاو.“» 18
هەروەها فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 19
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئەگەر بتوانن پەیمانەکەم لەگەڵ ڕۆژ و لەگەڵ شەودا بشکێنن، تاکو ئیتر ڕۆژ و شەو لە کاتی خۆیاندا نەبن، 20
ئەوسا دەکرێ پەیمانەکەم لەگەڵ داودی بەندەم بشکێنرێت و کوڕی نەبێت بۆ ئەوەی لەسەر تەختەکەی ببێتە پاشا، هەروەها لەگەڵ لێڤییە کاهینەکانی خزمەتکارانم. 21
هەروەک چۆن ئەستێرەکانی ئاسمان ناژمێردرێن و لمی دەریا ئامار ناکرێت، ئاوا نەوەی داودی بەندەم و لێڤییە خزمەتکارەکانم زیاد دەکەم.“» 22
ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 23
«نەتبینیوە ئەم گەلە باسی چی دەکەن و دەڵێن:”ئەو دوو خێڵەی یەزدان هەڵیبژاردن، ڕەتی کردنەوە.“ئینجا سووکایەتییان بە گەلەکەم کرد، وەک ئەوەی ئیتر نەتەوە نەبێت لەبەردەمیان. 24
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:”ئەگەر پەیمانی خۆمم لەگەڵ ڕۆژ و شەو و فەرزەکانی ئاسمان و زەوی نەبەست، 25
ئەوسا نەوەی یاقوب و داودی بەندەم ڕەت دەکەمەوە و لە نەوەکەی ئەو فەرمانڕەوایان بەسەر نەوەی ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبەوە دانانێم، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە و بەزەییم پێیاندا دێتەوە.“» 26

< یەرمیا 33 >