< ئیشایا 46 >

بێل چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە، بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ. ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون، بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە. 1
هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا، نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران. 2
«ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن، ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە، لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون. 3
هەتا پیریش بن هەر من ئەوم، هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم. من دروستم کردوون و ئێوە باری منن، هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم. 4
«بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟ 5
ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و زیویش بە تەرازوو دەکێشن، زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک، ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن. 6
دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن، لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت، لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە. هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە، لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات. 7
«ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە! ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە. 8
سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە، بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە، خودام و هیچی دیکە نییە وەک من. 9
لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە، لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە. فەرمووم:”ڕاوێژی من سەر دەگرێت، هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“ 10
داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم، لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت. فەرمووم و ئەنجامی دەدەم، دامڕشتووە و دەیکەم. 11
ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن، ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی. 12
ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە، دوور ناکەوێتەوە و ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت. ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم، بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم. 13

< ئیشایا 46 >