< ئیشایا 45 >

«یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت، ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و پاشایان چەک بکەم، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و دەرگاکان دانەخرێن: 1
”من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەکان تەخت دەکەم، دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە. 2
گەنجینەکانی تاریکی و خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ، هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل، ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات. 3
لەبەر یاقوبی بەندەم و ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت. 4
من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە، بێجگە لە من خودای دیکە نییە. هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە، بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم. 5
بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن کە بێجگە لە من کەس نییە. من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە. 6
شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“ 7
«ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە، با هەورەکان بیپرژێنێت. با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە ڕزگاری بەر بگرێت و ڕاستودروستی سەرهەڵبدات، من یەزدانم بەدیم هێنا. 8
«قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات، پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی. ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:”چی دروستدەکەیت“یان ئیشەکەت:”دوو دەستی نییە“؟ 9
قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:”چ منداڵێکت خستەوە؟“بە دایکەکەشی:”چیت لێ دەبێت؟“ 10
«یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟ 11
من زەویم دروستکرد و مرۆڤی سەریم بەدیهێنا. دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا. 12
من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم. ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.» 13
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و سەبئییە باڵا بەرزەکان بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و بۆ ئێوە دەبن. لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و دەپەڕنەوە بۆ لاتان. کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و لە ئێوە دەپاڕێنەوە:”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە، خودای دیکە نییە.“» 14
بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە، خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر. 15
هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن، 16
بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت، بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی. شەرمەزار و ڕیسوا نابن هەتاهەتایە. 17
یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە. 18
لە پەناوە قسەم نەکرد، لە شوێنێکی تاریکی زەوی. بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم. 19
«کۆببنەوە و وەرن، ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش. نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان، ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات. 20
ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش. با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن. لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە، لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟ ئایا منی یەزدان نەبوو؟ بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە، خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر بێجگە لە من نییە. 21
«ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە. 22
سوێندم بە گیانی خۆم خوارد، ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە، وشەیەکە و ناگەڕێتەوە، کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات، هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات. 23
سەبارەت بە من دەڵێن:”ڕاستودروستی و هێز تەنها بە یەزدانە.“» هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن، 24
بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن. 25

< ئیشایا 45 >