< ئیشایا 35 >

چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن، بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات، وەک گوڵاڵە سوورە، 1
بە تەواوی چرۆ دەکات و تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات! شکۆی لوبنانی پێدەدرێت، شەوکەتی کارمەل و شارۆن، ئەوان شکۆی یەزدان و شەوکەتی خودامان دەبینن. 2
دەستە شلەکان توند بکەن و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن. 3
بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە: «خۆتان توند بکەن، مەترسن! ئەوەتا خوداتان، بە تۆڵەسەندنەوە دێت، سزای خوداتان. ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.» 4
ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و گوێی کەڕ دەکرێتەوە. 5
ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات، چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و ڕووباریش لە بیابان. 6
سەراب دەبێتە گۆم و خاکی تینوو بە کانیاو. لە لانەی چەقەڵەکان لە مۆڵگەکەیان قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت. 7
لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت، ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت. گڵاو پێیدا تێناپەڕێت، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن، گێلەکان پێدا ناڕۆن. 8
شێر لەوێ نابێت، جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت، لەوێ بەرچاو ناکەون. بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن، 9
ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە. بە هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و شادی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە. شادی و خۆشی پێیان دەگات و ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن. 10

< ئیشایا 35 >