< ئیشایا 3 >

ئێستا سەیر بکەن، پەروەردگار، یەزدانی سوپاسالار، بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت پاڵپشتی و پشتگیری، هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو، 1
پاڵەوان و جەنگاوەر، دادوەر و پێغەمبەر، فاڵگرەوە و پیر، 2
سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان، ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو. 3
مێردمنداڵان دەکەم بە میریان، منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن. 4
گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن، هەرکەسە و لە هاوڕێکەی. مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە، چروکیش لە سەنگین. 5
پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت لە ماڵی باوکی و دەڵێت: «تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!» 6
بەڵام لەو ڕۆژەدا براکەی دەنگی بەرز دەکاتەوە و وەڵامی دەداتەوە: «نابم بە چارەساز، نان و جلوبەرگ لە ماڵەکەم نییە. مەمکەن بە سەرۆکی گەل.» 7
ئۆرشەلیم شکست دەخوات و یەهوداش دەکەوێت، چونکە زمان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە، بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی. 8
دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات، وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن، نایشارنەوە. قوڕبەسەریان، چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان! 9
بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن. 10
قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت، چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت. 11
منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن. گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و لە ڕێگای ڕاست لاتان دەدەن. 12
یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت، هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان. 13
یەزدان دەست بە دادوەری دەکات، لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان: «ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا، تاڵانیی هەژاران لە ماڵەکانتاندایە. 14
ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و ڕووی هەژاران دەهاڕن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار. 15
یەزدان دەفەرموێت: «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون، گەردنیان دەرخستووە و بە چاوبازییەوە دەڕۆن، بە لارولەنجەوە دەڕۆن بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان. 16
لەبەر ئەوە پەروەردگار سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات، یەزدان ڕووتییان دەردەخات.» 17
لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، 18
گوارە و بازن و پەچە، 19
سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، 20
ئەنگوستیلە و خەزێم، 21
جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و 22
ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان. 23
جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەن و لە جێی کەمەربەند، گوریس و لە جێی پرچی بە ئەگریجە، سەری ڕووتاوە و لە جێی بەرگی گرانبەها گوش لەبەر دەکەن، نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت. 24
پیاوەکانتان بە شمشێر و پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون. 25
جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن، بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن. 26

< ئیشایا 3 >