< هۆشەع 1 >

ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو. 1
سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» 2
ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو. 3
یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. 4
لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.» 5
دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. 6
بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.» 7
لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. 8
یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم. 9
«بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا،”ئێوە گەلی من نین،“بە”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ناودەبردرێن. 10
لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لەو خاکەی بۆی ڕاپێچ کراون سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.» 11

< هۆشەع 1 >