ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش مەنەشە و ئەفرایمی کوڕی لەگەڵ خۆی برد. | 1 |
بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت هاتووە بۆ لات.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت. | 2 |
ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بەتوانام لە لوزی خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم. | 3 |
پێی فەرمووم:”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم و دەتکەمە چەندین نەتەوە. ئەم خاکەش بە موڵکی هەتاهەتایی لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت.“ | 4 |
«ئێستاش دوو کوڕەکەت کە پێش هاتنی من بۆ لات بۆ خاکی میسر بۆت لەدایک بوون، بۆ من دەبن. واتە ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم. | 5 |
بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمانەوە لەدایک دەبن، دەبنە هی تۆ و لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت. | 6 |
کاتێک لە پەدان دەگەڕامەوە، لە ڕێگا لە خاکی کەنعان کە هێندەم نەمابوو بگەمە ئەفرات، ڕاحێل مرد، هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» واتە لە بێتلەحم. | 7 |
ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟» | 8 |
یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.» ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.» | 9 |
هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن. | 10 |
ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.» | 11 |
یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. | 12 |
ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل و لێ نزیک کردنەوە. | 13 |
بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو. | 14 |
ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی: «ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی کرد، ئیبراهیم و ئیسحاق، ئەو خودایەی کە شوانایەتی کردووم لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ، | 15 |
ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە، ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات. با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن، با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.» | 16 |
کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت تاکو لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. | 17 |
یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.» | 18 |
بەڵام باوکی ڕازی نەبوو و گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» | 19 |
ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی: «بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات:”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“» بەو شێوەیە ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە. | 20 |
ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. | 21 |
منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمۆرییەکان وەرمگرت.» | 22 |