< حزقیێل 9 >

ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.» 1
شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لەناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان. 2
شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، 3
یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لەناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.» 4
ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ. 5
پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون. 6
پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد. 7
لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟» 8
پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن:”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“ 9
لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.» 10
ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!» 11

< حزقیێل 9 >