< حزقیێل 18 >

فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 1
«بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن: «”باوکان بەرسیلەیان خوارد، ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟ 2
«یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن، 3
چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. 4
«گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و دادوەری و ڕاستودروستی بکات: 5
لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛ ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛ 6
ستەم لە کەس نەکات، بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛ ماڵی کەس زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت؛ 7
پارە بە سوو نەدات و نرخی شتومەک گران نەکات؛ دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات. 8
فەرزەکانم پەیڕەو بکات و بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت. ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە، بێگومان دەژیێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 9
«گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی 10
کە باوکی نەیکردووە: «لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات، 11
ستەم لە هەژار و نەدار بکات، شتی خەڵکی زەوت بکات، قەرز نەداتەوە، چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت، کاری قێزەون ئەنجام بدات، 12
پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات. ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت. 13
«بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد: 14
«لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات، چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت، ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات، 15
ستەم لە کەس نەکات، داوای بارمتە نەکات و هیچ شتێک زەوت نەکات، بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و جل بکاتە بەر ڕووت، 16
دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە، سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات، بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات. ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت. 17
بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت. 18
«ئێوە دەڵێن:”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت. 19
ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی. 20
«بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت. 21
هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت. 22
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟ 23
«لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت. 24
«ئێوەش دەڵێن:”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟ 25
ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت. 26
بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت. 27
لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. 28
بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن:”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟ 29
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان. 30
هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟ 31
چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 32

< حزقیێل 18 >