< حزقیێل 11 >

ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی. 1
یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن، 2
دەڵێن:”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“ 3
لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!» 4
جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە. 5
زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو. 6
«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لەناوەڕاستی دەردەکەم. 7
ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 8
لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم. 9
بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 10
ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم. 11
ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.» 12
کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟» 13
ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 14
«ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان:”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“ 15
«لەبەر ئەوە بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“ 16
«لەبەر ئەوە بڵێ:”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“ 17
«بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. 18
یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، 19
بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 20
بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.» 21
ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. 22
شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. 23
ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان. لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، 24
ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند. 25

< حزقیێل 11 >