< ئەستێر 7 >

ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. 1
لە ڕۆژی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، چیت دەوێت؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.» 2
شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، 3
چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.» 4
ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟» 5
ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!» هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. 6
پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات. 7
لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت. پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟» هەرکە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. 8
ئینجا حەرڤۆنا، کە یەکێک بوو لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد، گوتی: «لە ماڵی هامان دارێک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە، هامان بۆ مۆردەخای ئامادە کردووە، کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.» پاشا گوتی: «هامان لەو دارە بدەن!» 9
بەو شێوەیە هامانیان لەو دارە دا کە بۆ مۆردەخای ئامادە کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە. 10

< ئەستێر 7 >