< ئامۆس 3 >

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی: 1
«تەنها ئێوەم ناسی لە هەموو خێڵەکانی زەوی، لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم، لەسەر هەموو تاوانەکانتان.» 2
ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن، بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟ 3
ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت، ئەگەر نێچیری نەبێت؟ ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت، بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟ 4
ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە، لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟ ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە، ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟ 5
ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت، ئایا گەل ناترسێت؟ ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات، ئایا یەزدان نەیکردووە؟ 6
بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات. 7
شێر نەڕاندی، کێ ناترسێت؟ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟ 8
بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و پێیان بڵێن: «لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە، ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن، ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.» 9
یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن، ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.» 10
لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: «دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.» 11
یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک لە دەمی شێر دەردەهێنێت، ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.» 12
«گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە. 13
«لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی، سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم، جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و دەکەونە سەر زەوی. 14
کۆشکی زستانە دادەڕمێنم، هەروەها کۆشکی هاوینەش، کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 15

< ئامۆس 3 >