< دووەم ساموئێل 6 >

دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون. 1
ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە. 2
سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و 3
لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت، 4
داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج. 5
کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 6
ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد. 7
داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا ناودەبردرێت. 8
ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟» 9
لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 10
سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد. 11
ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود. 12
لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی. 13
داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد. 14
هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست. 15
کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی. 16
ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لەناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی لەبەردەم یەزداندا سەرخست. 17
پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 18
هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتە تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە. 19
داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!» 20
داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم. 21
لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.» 22
میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو. 23

< دووەم ساموئێل 6 >