< دووەم پاشایان 20 >

لەو ڕۆژانەی حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، ئیشایا پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ هات بۆ لای و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: وەسیەت بۆ ماڵەکەت بکە، چونکە دەمریت و ناژیت.» 1
حەزقیا ڕووی لە دیوارەکە کرد و نوێژی بۆ یەزدان کرد و گوتی: 2
«ئای یەزدان، ئەوەت لەیاد بێت کە چۆن بە دڵسۆزی و پڕ بە دڵ دۆستایەتیم کردیت، ئەوەی پێت باش بوو کردم.» ئینجا حەزقیا بەکوڵ گریا. 3
بەر لەوەی ئیشایا هەیوانی کۆشکەکە بەجێبهێڵێت، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: 4
«بگەڕێوە و بە حەزقیای فەرمانڕەوای گەلەکەم بڵێ:”یەزدان، پەروەردگاری داودی باپیرە گەورەت ئەمە دەفەرموێت: گوێم لە پاڕانەوەکەت بوو و فرمێسکەکانتم بینی، ئێستا چاکت دەکەمەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچیتە پەرستگای یەزدان. 5
پازدە ساڵ لە تەمەنت زیاد دەکەم و لە دەستی پاشای ئاشور فریای خۆت و ئەم شارەش دەکەوم، لە پێناوی خۆم و لە پێناوی داودی بەندەم بەرگری لەم شارە دەکەم.“» 6
ئینجا ئیشایا گوتی: «نیوەلمەکێک لە هەنجیر دروستبکەن.» ئەوانیش هێنایان و خستیانە سەر دومەڵەکە و چاک بووەوە. 7
حەزقیا لە ئیشایای پرسی بوو: «ئەو نیشانەیە چییە کە یەزدان چاکم دەکاتەوە و لە ڕۆژی سێیەم دەچمە پەرستگای یەزدان؟» 8
ئیشایا وەڵامی دایەوە: «یەزدان ئەو شتە دەکات کە پێشتر بەڵێنی پێدابووی. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە نیشانەیە بۆت: ئایا دەتەوێ سێبەر دە پلە بچێتە پێش یان دە پلە بگەڕێتەوە دواوە؟» 9
حەزقیاش گوتی: «بۆ سێبەر ئاسانە دە پلە بچێتە پێش. کەواتە وا بکە دە پلە بگەڕێتەوە دواوە.» 10
ئینجا ئیشایای پێغەمبەر نزای بۆ یەزدان کرد و ئەویش دە پلە سێبەری گەڕاندەوە دواوە، بەپێی پلەبەندییەکەی ئاحاز پێی هاتە خوارەوە. 11
لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە حەزقیا نەخۆش کەوتووە. 12
حەزقیا پێشوازی لێکردن و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و هەموو ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات. 13
ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.» 14
ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟» حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.» 15
ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدان بگرە، 16
یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. 17
لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.» 18
حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە،» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی: «ئایا ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا نابێت؟» 19
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا، هەموو دەستکەوتەکانی و چۆن گۆمەکە و جۆگەکەی دروستکرد و ئاوی هێنایە ناو شارەکەوە لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون. 20
حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. 21

< دووەم پاشایان 20 >