< دووەم پوختەی مێژوو 7 >

کاتێک سلێمان لە نوێژکردن بووەوە، ئاگرێک لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییە سەربڕدراوەکانی دیکەشی هەڵلووشی و شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکرد. 1
کاهینەکان نەیانتوانی بچنە ناو پەرستگای یەزدانەوە، چونکە شکۆی یەزدان پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2
هەموو نەوەی ئیسرائیلیش تەماشایان دەکرد، کاتێک ئاگرەکە هاتە خوارەوە و شکۆی یەزدان بەسەر پەرستگاکەوە بوو، جا لەسەر شۆستەکە بە ڕوودا کەوتن و بەچۆکدا هاتن و کڕنۆشیان برد و سوپاسی یەزدانیان کرد، گوتیان: «بێگومان خودا چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» 3
ئینجا پاشا و هەموو گەلیش قوربانییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی. 4
سلێمانی پاشا بیست و دوو هەزار مانگا و سەد و بیست هەزار مەڕ و بزنی کردە قوربانی. ئیتر پاشا و هەموو گەل پەرستگای خودایان تەرخان کرد. 5
کاهینان لە شوێنی خزمەتەکەی خۆیان ڕاوەستابوون، هەروەها لێڤییەکانیش بە ئامێرە مۆسیقییەکانەوە کە داودی پاشا بۆ سوپاسکردنی یەزدان دروستی کردبوون بە هەمان شێوەی داود ستایشی پێ دەکردن، دەیانگوت: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» کاهینەکان بەرامبەریان کەڕەنایان لێدەدا، هەموو ئیسرائیلیش ڕاوەستابوون. 6
هەروەها سلێمان ناوەڕاستی حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگاکەی یەزدانی تەرخان کرد و لەوێدا قوربانی سووتاندن و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی پێشکەش کرد، چونکە ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە سلێمان دروستی کردبوو جێگای قوربانی سووتاندنەکان و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکان و پیوی قوربانییەکان نەدەبووەوە. 7
لەو کاتە سلێمان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئاهەنگی بۆ جەژنەکە گێڕا، هەموو ئیسرائیلیش لەگەڵی بوون، هەموو خەڵکی نێوان دەروازەی حەمات هەتا دۆڵی میسر، کۆمەڵێکی زۆر گەورە. 8
لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگیان گێڕا، چونکە لە حەوت ڕۆژدا تەرخانکردنی قوربانگاکەیان ئەنجام دا و جەژنیش حەوت ڕۆژ بوو. 9
ئینجا سلێمان لە بیست و سێیەمین ڕۆژی مانگی حەوت گەلی بە شادمانی و دڵخۆشییەوە بۆ ماڵەوە بەڕێکرد، بەهۆی ئەو چاکەیەی کە یەزدان لەگەڵ داود و سلێمان و ئیسرائیلی گەلی خۆی کردی. 10
پاش ئەوەی سلێمان پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای تەواو کرد، هەروەها هەموو ئەوانەشی کە بەبیریدا هات لە پەرستگای یەزدان و کۆشکەکەی خۆی بیکات تێیدا سەرکەوتوو بوو، 11
یەزدان لە شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت و فەرمووی: «گوێم لە نوێژەکەت بوو، ئەم شوێنەم هەڵبژارد تاکو ببێتە پەرستگای قوربانی بۆ من. 12
«کاتێک ئاسمان دادەخەم و باران نابارێت و کاتێک فەرمان بە کوللە دەکەم بەروبوومی خاکەکە بخوات یان پەتا دەنێرمە ناو گەلەکەم، 13
ئینجا کە گەلەکەم ئەوەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێت، بێفیز بوون و نوێژیان کرد و ڕوویان لە من کرد و لە ڕێگا خراپەکانیان گەڕانەوە، من لە ئاسمانەوە گوێ دەگرم و لە گوناهەکانیان خۆشدەبم و خاکەکەیان چاک دەکەمەوە. 14
ئێستاش چاوەکانم کراوە دەبن و گوێیەکانیشم شل دەبن بۆ نوێژکردن لەم شوێنەدا. 15
ئێستاش ئەم پەرستگایەم هەڵبژاردووە و پیرۆزم کردووە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە ناوی منی تێدابێت و دڵ و چاوم هەمیشە لەوێ دەبن. 16
«تۆش ئەگەر بە دڵسۆزییەوە دۆستایەتیم بکەیت وەک ئەوەی داودی باوکت کردی، هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوویت بیکەیت و فەرز و حوکمەکانم بەجێبهێنیت، 17
ئەوا تەختی پاشایەتییەکەت جێگیر دەکەم، هەروەک چۆن پەیمانم لەگەڵ داودی باوکت بەست و فەرمووم:”پیاو لە تۆ نابڕێت بۆ فەرمانڕەوایەتیکردنی ئیسرائیل.“ 18
«بەڵام ئەگەر لاتان دا و وازتان لە فەرز و فەرمانەکانم هێنا کە پێم داون، چوون و خودای دیکەتان پەرست و کڕنۆشتان بۆ بردن، 19
ئەوا لە خاکەکەم ڕیشەکێشتان دەکەم کە پێم داون و ئەم پەرستگایەش کە بۆ ناوی خۆم تەرخانم کردووە لەبەرچاوم نایهێڵم و دەیکەمە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی لەنێو هەموو گەلان. 20
ئەم پەرستگا پایەبەرزەش، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەری سوڕدەمێنێت و دەڵێت:”بۆچی یەزدان وای لەم خاکە و لەم پەرستگایە کرد؟“ 21
ئینجا خەڵکی وەڵام دەدەنەوە:”لەبەر ئەوەی وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێناوە، ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و دەستیان بە خودای دیکەوە گرتووە و کڕنۆشیان بۆ بردوون و ئەوانیان پەرستووە، لەبەر ئەوە یەزدان تووشی ئەم هەموو کارەساتەی کردن.“» 22

< دووەم پوختەی مێژوو 7 >